شەڕی ناسنامە لە رێگای زمانەوە- بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایکی؛ سەفەر عەزیزی

شەڕی ناسنامە لە رێگای زمانەوە- بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایکی
زمان بە یەکێک لە کۆڵەکە هەرەگرنگەکانی ناسنامە و کلتوری هەر مرۆڤێک دێتە ئەژماردن. زمان تەنیا بریتی نیە لە ئامرازێک بۆ پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەکان ، بەڵکوو سەنتەری گواستنەوەی مێژوو، نەریت و سەرجەم دیاردە و یادەوەرییە کۆمەڵایەتییەکانیچە.
زمان لە ڕەهەندێکی شوناسخوازنەوە، یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیەکی سیاسییە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ڕێگای هەقیقەتیی زمانەوە، هەم خۆی پێناسە بکات و هەمیش بەرگری لە بوون و ناسنامەکەی بکات.
لە وڵاتێک وەکوو ئێران کە هەڵگری تایبەتمەندی فرەنەتەوەییە، جگە لە زمانی فارسی وەکوو زمانی دەسەڵات، زمانەکانی دیکە ئەسیمیلە کراون. بە واتایەکی سیاسی، دەسەڵاتدارانیی تاران جۆرێک لە ژینۆسایدی زمانی دژی نەتەوەکانی غەیری فارسیان بەرێوە بردووە کە تا ئێستا درێژەی هەیە. ئەنجامی سیاسەتێک لەم چەشنە لە لایەک بۆتە هۆکارێک کە منداڵانی نەتەوەکانی غەیر فارس لە پەروەردە(خوێندن، نووسین، ئاخافتن) بە زمانی دایکی بێبەش بکرێن و لە لایەکی دیکەوە تواناییەکانیان بۆ شکڵگیریی کەسایەتی و ناسنامەی تایبەت بە خۆیان سنووردار بکرێتەوە. فێربوونی زمانی یەکەم لە لایەن خودی دایکەوە وەکوو یەکەمین قوتابخانە دەبێ هاوتەریب بێت لە گەڵ سیستەمیی پەروەردەیی کە لە یەکەمین رۆژی قوتابخانەوە دەستپێبکات، بەڵام دەسەڵاتە ناوەندگەراکانیی ئێران فرەزمانی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشیی نەتەوەی و پارچەپارچەبوونی دەسەلات دەزانن.
زمان و ناسنامە
هەروەکوو لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، زمان یەکێک لەو ڕێگایانەیە کە مرۆڤەکان ناسنامەی خویانی پێ پێناسە دەکەن و هاوکات زمان ئامرازێکە بۆ بیرکردنەوە، دەڕبڕینی هەست و تێگەیشتنمان لە جیهانی دەوروبەرمان. بۆ زۆرێک لە نەتەوەکانی غەیری فارس، زمانی دایک بەشێکی گرنگی میراتی کلتوریی و نەتەوەییە. زمانی دایک تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکوو ڕێگایەکە بۆ پاراستن و گواستنەوەی نەریت، مێژوو و نۆرمە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان. کاتێک زمانێک لەناو دەچێت، بەشێک لە ناسنامەی کلتوری پەیوەست بەو زمانەش لەناو دەچێت.
لە ئێران، زمانی فارسی وەک زمانی فەرمیی وڵات لە پەروەردە، ڕاگەیاندن و بەڕێوەبەریی دەوڵەت بە کار دەهێنرێت. هەرچەند زمانی فارسی وەکوو زمانی سیاسیی دەوڵەت ڕۆڵێکی سەرەکی لە مێژوو و کلتوری ئێراندا هەبووە، بەڵام لە هەمان کاتدا وەکوو ئانتی تێزێک دژی زمانی نەتەوەکانی غەیر فارس کەڵکیان لێوەرگرتووە. یان دەتوانین بڵێن کە لە ئەنجامی بە سیاسیکردنی زمانی فارسی، جۆرێک لە سەنێز بە مەحوەریەتی ناسنامە و کلتووری فارس دیزان کراوە. نەتەوەکانی دیکە وەکوو کوردەکان، ئازەرییەکان، عەرەبەکان، بەلووچەکان کە خاوەنی زمان و کلتوری تایبەت بە خۆیانن، کەچی لە لایەن دەوڵەتیی ئێرانەوە بە بیانۆی نەتەوەسازی پشتگوێ خراون. هەڵبەت نابێت لە بیرمان بچێت کە سیاسەتی زمانیی ئێران و سەپاندنی زمانی فارسی وەکوو زمانی تەواوی نەتەوەکان بۆ یەکەمجار لە لایەن ڕەزاشا(١٩٤١-١٩٢٥)، مەحمەد ڕەزاشا(١٩٤١-١٩٧٩) وە دەستیپێکرد و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ١٩٧٩ وە درێژەدەری هەمان پرۆسەیە.
ئێران کۆمەڵگەیەکی فرە-نەتەوەییە کە بە پێ ئامارە نافەرمییەکان فارسزمانەکان کەمتر لە نیوەی دانیشتوانیی ئێران پێکدەهێنن. زیاد لە نیوەی خەڵکانی ئێران بە زمانەکانی دیکە وەک ئازەری، کوردی، عەرەبی، بەلووچی و…هتد قسە دەکەن. ئەم زمانانە بە شێوەیەکی سیستماتیک و سیاسی دووچاری ئەسیمیلاسیۆن(assimilation) بوونەتەوە، بە تایبەتی لە بواری سیستەمیی پەروەردەییدا. لە ڕاستیدا فێرکردن بە زمانی دایکی یان قەدەغە کراوە یان زۆر سنووردار کراوە و ئەمەش کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ناسنامەی کلتوری و زمانەوانی ئەم نەتەوانە هەبووە.
لێرەدا هەوڵدەدەین ئاماژە بە چەند نموونەیێک لە هەڵاواردنی سیاسی-کلتوری بکەیمن کە سیستەم و دەسەڵاتدارانیی ئێرانی لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا ئاگاهانە کەڵیان لێوەرگرتووە:
١. یەکێک لەو کێشانەی کە منداڵانی نەتەوە غەیر فارسەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، کێشەی پەروەردەیییە. کاتێک منداڵێک کە زمانی دایکی فارسی نییە، قوتابخانە دەستپێدەکات، هەر لە یەکەم ڕۆژدا ڕووبەڕووی کێشەی زمانی و هەست بە کەمی دەکات. منداڵانی فارس زمان بە زمانێک پەروەردە دەبینین ک نەک تەنیا زمانی دایکی ئەوانە، بەڵکوو زمانێکە کە تەواوی مادەکانی قوتابخانە هەر لە کودەکستان تاکوو زانکۆ بە هەمان زمان دەخوێنن و دەئاخڤن، لە کاتێکدا منداڵانی سەر بە نەتەوەکانی دیکە بە زمانێک فێری خوێندن و نووسین دەبن ک لە گەڵ ژینگە و ناسنامەی ئەواندا سازگار نیە. ئەم کارە هەر لەسەرەتاوە جۆرێک لە نابەرابەریی لەنیوان قوتابییەکان دروستدەکات. ئەم پرۆسەیە نەک تەنیا جۆرێک لە ئەسیمیلاسۆنی زمانییە، بەڵکوو منداڵانی غەیر فارس زمان بە بەراورد لە گەڵ قوتابیانیی دیکە، هەست بە لاوازی و قەیرانی ناسنامە دەکەن.
شتێکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە ک کاتێک لە ئێراندا باس لە زمانی دایکی دەکرێت، مەبەست زمانی فارسییە و ئەم دیاردەیە لە زۆربەی شێعر و ئەدەبیاتیی فارسیدا بەرجەستە بۆتەوە کە بەداخەوە لە بەر نەبوونی دەرفەت، ناتوانین لەم بابەتەدا چەند نموونەیەکی هاشاهەڵنگر باس بکەین.
٢. نەتەوەکانی غەیر فارس کە زمانی فارسی بە زمانی دایکیی خۆیان نازانن یان شارەزای ئەم زمانە نیەن، لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابوورییەوە لە گەڵ کیشەی گەورە ڕوبەڕودەبنەوە. هۆکاری ئەم کارەش دەگەڕێتەوە بۆ لای ئەو فاکتۆرەی کە زمانی فارسی کراوە بە زمانی زاڵ لە بوارەکانی پەروردە و بازاڕی کار یان زمانی ئابووری. بێگوومان نەبوونی شارەزایی لەو زمانە دەبێتە هۆی سنووردارکردن و بێبەشبوونیان لە بوارەکانی مۆدیریەتی و خزمەتگوزاری لە بەشە گشتییەکانی دەوڵەتی و سێکتەری تایبەت.
٣. بێبەشبوون لە مافی فێربوون بە زمانی دایک دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵی دەروونی هەبێت. یەکێک لە لێکەوتەکانی دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ناسنامە و جۆرێک لە خۆبێگانەبوون بەرانبەر بەو نۆرمە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییانەی کە نەتەوە یا گەلێک دەتوانێ خۆی پێ پێناسە بکات. هەر لە بەر ئەم هەقیقەتەیە کە زمانی دایکی بۆ زۆربەی نەتەوەکانی غەیر فارس، کۆدێکی بنەڕەتییە بۆ شەڕی ناسنامە، شەرێک کە لە زەمانی ڕەزاشا لە ساڵی ١٩٢٥ زایینی دەستیپێکرد و تاکوو نووسینی ئەم بابەتە درێژەی هەیە.
٤. زمان هەروەها کەرەستەیێکی سیاسییە. لە ئێران، دەوڵەت بە شێوەیەکی مێژوویی زمان وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی و یەکگرتوو بەکارهێناوە کە زۆرجار لە بەرژەوەندی نەتەوەکانی دیکەدا نەبووە. نەبوونی پەروەردە و ڕەدکردنەوەی زمانی نەتەوەکانی غەیر فارس لە سیستەمی پەروەردەیی ئێراندا،
دەتوانرێت وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ کۆتایی هێنان بە فرەچەشنیی ئەتنیکی و سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی دابنرێت.
ئەنجام؛
هەروەکوو لە سەرەوە باسمانکرد مێژووی سیاسەتی هەڵواردنی زمانەوانی لە ئێران دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم، کاتێک دەسەڵاتی پەهلەوی (١٣٠٤-١٣٥٧) سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوە و ناسیونالیزمیی ئێرانی بە شێوەیەکی توندوتیژانە بەرەوپێش برد، کە ئامانجی دروستکردنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی یەکگرتوو بوو لەسەر بنەمای زمان و کلتوری فارسی. ئەم سیاسەتە بریتی بوو لە کۆتایی هێنان بە زمان، نەریت و سەرجەم بەهاکانی نەتەوە غەیر فارسەکان. دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧، بەڵێن درا کە فرەچەشنیی ئەتنیکی دانی پێدابنرێت، بەڵام لە کرداردا نەتەوەکانی غەیر فارس لەمافی پەروردە و مۆدیریەتی بە زمانی دایک بێبەشبوون.
زمان بەشێکی گرنگ لە ناسنامە و کلتوری مرۆڤەکانە. بە واتایەکی ڕوونتر، زمان دارێژەری ناسنامەیە. نەبوونی دەرفەتی پەروەدە بە زمانی نەتەوەکانی غەیر فارس ، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ناسنامە کلتورییەکەیان، دەرفەتە کۆمەڵایەتییەکان و تەندروستی دەروونییان هەبووە. یەکێک لەو کێشانەی کە منداڵانی ئەو نەتەوانە ڕووبەڕووی دەبنەوە، دواخستنی پەروەردەیە کە لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی قوتابخانەوە دەستپێدەکات.دانپێدانان بە زمان و ناسنامەی نەتەوەکانی دیکە، ئێران نەک تەنیا دەتوانێت دەوڵەمەندیی کلتوریی خۆی بپارێزێت، بەڵکوو دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی یەکسانتر و فراوانتر دروست بکات، کە هەموو نەتەوە و زمانە جیاوازەکان هەست بە بەشێک لە کۆمەڵگای ئێران و شۆناسێکی کۆلکتیڤ و هاوبەش بکەن. ئێمە لە زۆر شوێنی جیهاندا نموونەی فرەزمانییمان هەیە و ئەم دیاردەیە نەک نەبۆتە هۆکاری پارچەپارچەبوونیان، بەڵکوو کۆمەڵگەیەکی بەهێز و دیمۆکراتکیان دامەزراندوە. وڵاتی سویسرا کە بە پێنج زمانی جۆراوجۆر قسە دەکەن، وڵاتێک وەکوو نەرویژ کە خاوەنی دوو زمانی سەرەکییە یان مۆدێلی رۆژاوای کوردستان کە بە خاوەنی فرەچەشنیی زمانییە، بەشێکی بچووکن لەو نموونانەن لە جیهاندا. بوونی فرەزمانی لەو ولاتانەدا لە ئەنجامی ڕێزگرتن لە دیمۆکراسی و مافەکانی مرۆڤدا بەدیهاتووە. نەبوونی دیمۆکراسی لە ولاتێکدا نەک دەبێتە هۆکاری ئنکار و ئەسیمیلەکردنی ناسنامەکانی دیکە بەڵکوو مافەکانی مرۆڤیش لە ژێر بیانۆی جۆراوجۆردا پێشێل دەکرێت.
سەفەر عەزیزی
٢٢-٢-٢٠٢٥