بۆ جاری دووەم هێرش کرایە سەر گۆڕستانی کاکەییەکان لە باشووری کوردستان
بە پێ هەواڵێک کە بە ماڵپەڕەکەمان یارسان گەیشتووە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێرش کراوەتە سەر گۆڕستانی باوەڕمەندانی ئایینی کاکەیی\یارسان لە گوندی عەلیسەرای سەربە پارێزگای کەرکووک. بە هۆی بڵاو بوونەوەی پەتای کرۆنا و هەروەها بوونی قەدەغەی هاتوو چوو لە هەرێمەکە ڕۆژ و کاتی هێرشەکە دیار نییە.
ئەمە دووەم جارە کە لە مانگی ڕابردوو هێرش دەکرێتە سەر گۆڕستان و شوێنی پیرۆزی کاکەییەکانی هەرێمەکە و بکەرانی ئەم تاوانە هەتا ئێستاش دیار نیین. بە پێ نزیکی گۆڕستانەکە لە خالێکی سەربازی ئەرتەشی ئێراق گریمانەی ئەنجامدانی هێرشەکە لە لایەن رێکخراوی داعش و رێکخراوە توندئاژوەکانی دیکەوە کەم دەبێتەوە و گریمانەی ئەوە زیاتر دەکات کە هێرشەکە لە لایەن خودی سەربازان و لایەن سەربازییەکانی دەسەڵاتی ئێراقییەوە ئەنجام درابێت.
شایانی باسە کە لە ئێستەدا جگە لە کاکەییەکان هیچ کوردێک لە هەرێمەکە ژیان ناکات و هەرێمەکەیان چۆڵ کردووە، هەر ئەمەش شیمانەی ئەوەی کە لایەنەکانی سەر بە دەسەڵات ئەم کارەیان کردبێت بۆ ئەوەی کە بە تەواوەتی کوردەکان لە هەرێمەکە بار بکەن و هەرێمەکە تعریب بکەن زیاتر دەکات.
جێگای بە بیر هێنانەوەیە کە لە پانزدەی ئەم مانگە لە لایەن کەسانی نەناسراو هێرش کرایە سەر گۆڕستانی گوندی سفەیە سەر بە پارێزگای هەولێر و زیاتر لە ٦۰ کێڵی گۆڕستانەکە شکێندرا بوو و هەتا ئیستەش روون نەبوەتەوە کە ئەنجامدەرانی تاوانەکە کێ بووە.