لە بەرگری لە زمانەوە بۆ بەرگری لە ئرتجاع؛ هاشم عەلی وەیسی
لە بەرگری لە زمانەوە بۆ بەرگری لە ئرتجاع
لە ماوەی رۆژانی رابردودا وتووێژێک لە گەڵ کاک شەریف فەلاح و لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا بڵاو بووەتەوە کە کۆمەڵێک بابەت و پرسی تێدا وروژاندوە، کە دەرهاوێشتە و خروجییەکەی بووە بەوەی کە رۆژئاوای کوردستان و بزوتنەوەیەک کە لە پێناوی رزگاری و سەربەستی رۆحی و جەستەیی مرۆڤی کورد و گەل و نیشتمانی تێکۆشان دەکات، بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی و کوردستانی نیە و زمان و خەون و رۆئیاکانی بە جەوهەری زمانی کوردییەوە نەبەستراوەتەوە، بێگومان ئەم جۆرە تێگەشتنە سەقەت و خاڵی لە وژدان و بیرکردنەوەی مرۆییە، هەڵئەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ناسیونالیزمی کوردی بە نوێنەرایەتی ئەو کەس و لایەنانە، چەندە ناسیونالیزمێکی مەترسیدار و بەرچاوتەنگ و لە هەمان کاتدا تێگەیشتنی بۆ چارەسەری پرسە ئینسانییەکانی گەلی کورد سەتحی و بێ بەری لە قووڵبووونەوەیە، و بووە بە ئەویدی خۆی بۆ چارەسەری ئەم پرسە مرۆییە، ئەویش ئەویدییەک، کە کورد خۆی گەورەترین کارەسات و قوربانی دەستی عەقڵییەتەکەی بووە کە لە ئێستا دا و لە رێگەی ئەم چەشنە کەس و لایەنانەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی بە ئاراستەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەم دێنێتەوە، کە نموونەی بەرچاوی ئەم عەقڵییەتە بۆ چارەسەری ئینسانی پرسی کورد ئەزموونی حوکمڕانی و دەسەڵاتداری باشوری کوردستانە، ئەمانە کێشەیان لە گەڵ ئەو سیستەمی بەڕیوەبەرایەتی و حومکڕانییە هەیە کە مرۆڤی کورد و گەلانی دیکە چۆن لەوێ بەئاشتەوایی پێکەوە دەژین و چؤن پێکەوە لە سەنگەرێک دا بەرانبەر بە ئرتجاع و دواکەوتوویی و چەوساندنەوە و داگیرکاریی و هەموو ئەو ئایدیۆلۆژیا مەترسی دارانە و هەموو ئەو کولتوور و عەقڵیەتە خەتەرناکانەی کە بە جۆرێک ئینسانی ئەچەوساندەوە، ئینسانی ئەکردە دوژمنی یەکتر و پردێک بۆ ئامانجگەلی ئیدیۆلۆژیک و شوڤنیستی خۆی. ئەو تێگەیشتنانەی بە درێژایی مێژوی رۆژهەڵاتی ناوین جۆگەلەی گەورەی خوێنی لە نێوان گەلان و باوەڕدارانی سەر بە ئایین و دیانەتە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردوە. کەڵک وەرگرتن لە دەستەواژەگەلی ناحەز و نەشیاو لە پێناوی رەش کردنی ئەو خەبات و تێکۆشانە و بێ هەڵوێستی و لە زۆر حاڵەت دا هەڵوێستی پێچەوانە بەرانبەر بە رۆژاوا، کە نامهەوێت لێرە باسی بکەم، قووڵ نەبوونەوە لە لایەنە هزری و فەلسەفییەکانی ئەزموونی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان و سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و یەکسانی و ئازادییە ئینسانییەکانی ژنان و بەڕێکخستن کردنی خۆیان و بەرجەستە بوونەوەی ئەم هزر و باوەڕییە لە کتێب و دەق و نووسراوەکانی شەخسی بەڕێز ئوجەلان دا، هەڵوێستی لایەن و رەوتەکانی کە لەوان نزیکە بەوەی کە پەرتووکەکانی بۆ خۆی نەینووسیوە و یان بۆیان نووسیوە، یان ئەوەی کە کۆپی کتێبەکانی دیکەیە….. ئاستی ئەم کاڵفامی و سەتحی روانی و روکەش بینی و ترسنۆکی ئەم لایەنانە لە فکر و فەلسەفە و بیرکردنەوە زیاتر دەردەخات. رەنگە ئەوانەی کە بە ناوی مامۆستا و دۆکتورا و نووسەر و … هەی بگرە فڵان و فیسار و بە لایک و کۆمنتەکانیان رێگەیان بۆ ئەوە خۆش کردوە و وەهمێکی وەها گەورەیان بە شەریف فەلاح داوە، کە لە کۆمنتێکی لە وەڵامی من و بۆ نووسراوەیەکی کورت کە لە سەر هەڵوێستەکەی ئەو دا نووسیبووم، داوای ئەوە بکات تا وەڵامی زانستی و رەخنەگرانەی قووڵی بدەمەوە و لە دواجارا پێی وابیت ئەو کۆمەڵێک بابەتی زانستی و ئاکادمی وروژاندوە، هەڵبەت بە رەچاوکردنی ئەوەی کە خۆدی زانست و بیرکردنەوە چەندە پرسیاری قووڵ و گەورەی لە سەرە و چەندە ئەم دۆخەی کوردی رووبەڕووی دنیایەک کارەسات و نەهامەتی و نەگبەتی کردوەتەوە، بەرهەمی هەر هەمان ئەو کەسانەی نەتەوە و گەلانی داگیرکەر و سەردەستی کوردستان بوون و بووە بۆ چارسەری پرسە ئینسانییەکانی گەلی کورد و نەتەوە و گەلانی دیکەش، تەنانەت خودی خەڵکانی نەتەوە و گەلانی داگیرکەری کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوینیش، کە ئێستا کاک شەریف و هاوباوەڕەکانی کۆپی پەستێکی زۆر زۆر سەقەت و ناتەواوی ئەو ئەقڵییەتەن. ئە من وەکوو خۆم بە جۆرێک لە جۆرەکان گەورەترین کێشەم لە گەڵ ئەم ناوانەی بە ناو دۆکتۆر و مامۆستا و نووسەر و … ئەوەیە، لە رۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بەشێکی زۆری ئەمانە کە تریبۆنیان کەوتە دەست لە زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەکان دا نەک وەکوو خەتیب و خوتبەدەری فڵان مزگەوت و تەکیە و … هتدیان لێدێت، بگرە خراپتریش(لە گەڵ رێزم بۆ هەموو ئەو کەسە ئایینی و باوەڕمەندانەی لە دواجارا بە وژدانێکی تەندروستەوە خوێندنەوە بۆ رووداوەکان دەکەن و لەو سەنگەرەی کە مەبەستە جێگە ناگرن)، هەر ئەمانە لە بەشێکی گەورەی کار و کردەوەکانیان کە دەیکەن چی لەوە کەمتر نییە مەلا و خەتیب و ئاخوندەکانی نەتەوە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوین بە سەر گەلی خۆیان و گەلانی دیکەشی دێنن و چەک و تفاقی دەستی ئەوان شمشێر و… حوکمەکانیان، چەکی ئەمانیش زانست و ئەو ئایدیۆلۆژیا مەترسیدارانەی کە لە دواجارا پێیەکی بە رەهەندە مەترسی دار و متافیزیکی و دەقە ئوستورەیی و ئاسمانییەکانەوە بەستراوەتەوە، ئەو کەسەی کە نووسەرە لە دوجارا ئەبێ بە کەسێک لە باتی بەرهەم هێنانەوەی فکر و بیرکردنەوەیەکی قووڵی ئینسانی، کە بێ بەری نەبێت لە گومان و قووڵ بوونەی بەردەوام و رەخنە و رەخنەکاری، ئەبێ بە کەسێک کە ئەبێ دەرس و وانەی ئایدیۆلۆژیک و ئرتجاع و حوکم و بڕیاری وەها مەترسیدار بە خەڵک بێژێتەوە، کە مرۆڤ لە هەمبەری سام دەیگرێت و وژدانی مرۆیی دەهەژێت. کاتی خۆی بەختیار عەلی یەکێک لەو کەسانە بووە لە وەڵامی یەکێک لە خوێنەرەکانی خۆیدا کە بە مامۆستا ناوزەتی کردبوو زۆر بە جۆرئەتەوە خۆی یەکلایی کردەوە، کە بۆچی لە گەڵ چەمکی مامۆستا کێشەی هەیە، لە نامەیەکی کراوەدا باسی گرینگی و بایەخی روانگە و پێوەندییەکی مرۆیی کردبوو کە مرۆڤەکان تێیدا نە مامۆستا و نە قوتابی بن، بەڵکو خوێندکارێکی ساحەی ژیان بن کە هەمووان بتوانین زیاتر لە رۆحیەت و مەعنەویاتی یەکتر قووڵ بینەوە، بۆ ئەوەی دەرگای رەخنە و رەخنەکاری و رەخنەگرتن بە رووی یەکتردا بە کراوەیی بهێڵینەوە. بێگومان هەموو کۆمەڵگەکان پێویستیان بە خوێندنەوە و دیالۆگ و وتووێژێک هەیە کە بێ بەری و داماڵراو نەبێت لە پرسیار و گومانی قووڵ و جەوهەری بەرانبەر بە هەموو جۆرە پرس و بابەت و مژارێکی جڤاک و کولتورەکەی خۆیان، بێ بەری نەبێت لە تێڕامان و وژدانێکی تەندروست، کە بەرە و بڕیاڕ و حوکمی مەترسیداری نەیانبات، کە بە پرسیار و گومانی بەردەوام بەرانبەر دیاردە و روداو و پرسگرییەکە جیاوازەکان و بە وژدانێکی تەندروستەوە لە دواجارا قسەیان لە سەر بکات و دەروەج و کڵاورۆژنەیەکیش بۆ بیرکردنەوە و قووڵبوونەوەی زیاتر لە پرسگرییک و مژارەکان بهێڵێتەوە. بەڵام ئەوەی کە تۆ بێێت لە خوێندنەوەیەکا گوایە باسی زمان بکەیت، بە بێ ئەوەی زانیارییەکی مەیدانی و ئاماریت دابێ بە دەستەوە و خستبێتە روو، تەنیا بە کۆمەڵێک گریمانە و پێشفەرزی سەیر و سەمەرەوە، کە بێگومان ئەم زەینیەتە ئیدولۆژیکە خەتەرناک و چوارچێوەدارە، خروجی و دەرهاوێشتەکەی دەبێ بەوەی کە بێژیت، رۆژئاوای کوردستان رێڕەوی خەباتەکەی نەک کوردستانی و نەتەوەیی نییە، بەڵکو ئەو رەوتەی کە لەوێ کار و خەبات و تێکۆشانی کردوە و تا ئێستاش بەردەوامە، ئیدیۆلۆژیکە و ئەویدی دەسڕێتەوە، لە باتی گەڕانەوە بۆ گەوهەری نەتەوەیی ناسنامە، هەر خەریکی شەڕی ئایدیۆلۆژیای حیزبی و سڕینەوەی بەرانبەرە.
لە راستیا کێشەی ئەم زیەنیەتە، ئەم تێگەیشتن و عەقڵییەتە ئەوەیە کە تۆ دەبێ ئەویدی بۆ خۆت پێناسە بکەیت، ئەو ئەویدییەی کە پێویستە تا ئەم شوناسە کارتۆنی و کاریکاتۆرییەکەی خۆی پێ بسازێت و پێناسە بکات، ئەم بەڕێزە و زۆرێکی دیکەی هاوڕێیانی بەرانبەر بەوەی کە بە سەر ئیزدییەکان و کاکەییەکان هات هیچیان نەوتووە و نەکردوە و تەنیا لە سەنگەری لایەنێکی سیاسی کوردستانەوە، بەرانبەر بە لایەنەکەی دیکە وەستاون و گوایە هەڵوێستیان وەرگرتووە. لە حاڵێکدا چاک دەزانن ئەو لایەنەی کە ئەو سەنگەری بەرانبەر بە رۆژاوای کوردستان تێدا گرتووە هەر ئەوانە بوون کە دوای رادەست کردنی ئیزدییەکانی شەنگال، ئەوە جەنگاوەرانی رۆژاوا بوون کە هاتن و کریدۆرێکیان بۆ کردنەوە و بەرگرییان لێ کردن تا ئاستی جنایەتەکان هێندەی دیکە گەورە نەبێتەوە، نەکا ئێمە بێ ئاگا بین و ئەوە رۆژئاوای کوردستان بێت کە بووبێتە مۆڵگە و مەتەرێزی میت و ئیتلاعات و بنکە سەربازییەکانی داگیرکەرانی کوردستان، لە هەموو کون و کەلبەرێکی مەلا و مامۆستایانی ئیخوانی حوکمی سەیر و سەمەرە بە سەر رۆژاوا و ژنان و کاکەییەکان و ئیزدی و دەستە و چین و توێژەکانی دیکە دا بدەن. هەموو ئەو رووداوە گەورە و ئنسانییانەی کە لە رۆژاوای کوردستان روویان داوە و دەدەن و وژدان و زەمیری سەر لە بەری وژدانە هوشیار و بیدارەکانی کۆمەڵگەی بەشەری سەر ئەم گۆی زەوییەی هێنایە لەرزە، تا ئاستێک کە لە سات و کاتی جیاواز دا رۆژانە لە شارە جیاوازەکانی دنیا خۆپیشاندان و بەرخۆدان بۆ هەموو ئەو روداوە گەورانەی لە رۆژاوای کوردستان دەهاتنە ئاراوە و لە ئارا دا بووە، کراوە. بەشێکی دیار و بەرچاوی کەسایەتییە رۆشنبیری و هونەری و …گەورەکانی دنیای هێنایە سەر هێڵ و خەڵکانی سەر بە گەل و نەتەوە جیاوازەکانی دنیا چ لە رووی مەعنەوی و بەشداری راستەو خۆیان لە خۆپیشاندان و ئاکسیۆن و گردبوونەوە جیاوازەکانی دنیا و چ بەشداری راستەوخۆیان لە مقاومەتی رۆژاوا و لە سەنگەرەکانی هەرە پێشەوەی ئەو مقاومەت و بەرخۆدانە جێگەیان دەگرت، و بە دەیان و سەدان کەسیشیان لەو سەنگەری مقاومەت و بەرخۆدانە گیانی ئازیزیان بەخت دەکرد و دەکەن، رۆژ نەبوو ستران و گۆرانی مقاومەت و بەرخۆدان بە زمانی نەتەوەی کورد، نەک نەتەوەکەی کاک شەریف و هاوباوەڕەکانی بەرهەم نەهاتبێت، شەقام و کوچە و کوڵانەکانی دنیای نەهەژاندبێت و نەهێنابێتە لەرزە، من خۆم لە بەشێکی ئەو خۆپیشاندانانە بەشداریم کردوە کە جاری وا بووە تا سنووری حەڤدە بۆ بیست هەزار کەس سێ بۆ چوار کاتژمێر بە دەم خۆپیشاندانەوە سرۆد و سترانی شۆڕشگێڕی و دروشمەکانی بژی رۆژاوا و بژی کوردستان و هەموو داگیرکەرانی کوردستان بۆ دەرەوە و ….. وتراوەتەوە.
لە دواجارا ئەرکی ئەم کەسانە لە باتی بیرکردنەوە و رەخنە و گومانی قووڵ و جدی لە سەر ئەو مێژوە کارەساتبارەی حومکڕانی و عەقڵێیەتی داگیرکاری و ئیدیۆلۆژیکی گەلانی داگیرکەر و سەردەستی کوردستان و وڵاتانی دیکەی رۆژهەلاتی ناوین، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەچنەوە هەمان سەنگەرەوە و لەوێوە بە خەیاڵی خۆیان بەرگری لە زمان و ناسنامەی کورد بوون دەکەن. تەنیا لە دەلاقەیەکی بەرتەسک و کوردایەتییەکی وا سەیر و سەمەرەوە کە ئەویدی پێناسە کردنە، کە لە دواجارا ئەم ئەویدییە دەتوانێ هاوزمان و نەتەوەکەی خۆیشیان بێت، کە ئێستا هەر ئەو حوکمڕانییە و دەزگا راگەیاندنییەی کە ئەو کاری تێدا دەکات، واتە باس نیوز، سەر بەو لایەنەیە کە لە هیچ هاوکارییەکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر کوردستان دریخیان نەکردوە و ناکەن. من نازانم ئەمان لەم زەینییەتە مەترسیدارەی خۆیان گەیشتبن، ئەو گشتە روداو و کارەساتانەی کە لە باشوری کوردستان رویان دا، هەموومان دەزانین لە دواجارا ئاراستە و دەرهاوێشتەکەی بەرە و کوێ رۆیشتووە و بووە بە چی، هەموومان رەنگە بە دواداچوونمان بۆ روداوەکان کردبێت و رەنگیشە نەمانکردبێت، بە هۆی ئەم روانگە ئیدولۆژیک و مەترسیدارەی کە هەمانبووە، چاومان لە سەر زۆرێکیان داخستبێت.
ئەوەی کە داخراوە تێگەیشتن و روانگە دەقگرتوو و قاڵب گرتووی ئێوەمانانە، ئەوەی کە داخراوە و نایهەوێت راستییەکان و ئەو گشتە مقاومەت و بەرخۆدانەی رۆژئاوا لە کۆبانی و عەفرین و منبەج و رەقا و …. ببینێت، نایهەوێت رزگاری ئیزدییەکانی شەنگال ببینێت، کاردانەوەی ئەو گشتە مقاومەت و بەرخۆدانەی رۆژاوا لە سەر زمان و هونەر و ئەدەب و روشنبیری و کولتوری سیاسی کوردستان بە تایبەتی و نەتەوە و گەلانی داگیرکراوی رۆژهەڵاتی ناوین و جیهان بە گشتی ببینێت. هەموو ئەوانە ئەوە دەگەیەنێت ئێوە نە مەعریفە و نە رۆحی تێگەیشتن لەو گشتە بەرخۆدان و مقاومەتەتان پێێە، نە جورئەتی ئەوەشتان هەیە لێکۆڵینەوە و بە دواداچوونی ورد بۆ سەرچاوە و چاڤکانی ئەو مقاومەت و بەرخۆدانە هزری و رۆشنبیری و فەلسەفییە بکەن، کە وەهای کرد ئەوڕۆ ئیدی رۆژاوا تەنیا وەکوو پارچەیەکی رزگار کراوەی کوردستان نەبێت و نەهێتە پێش چاو، کە گەلان و نەتەوە و مرۆڤە رزگاری و ئازادی خوازەکانی جیهان تێکۆشانی لە پێناو دەکەن، بەڵکو نوێنەرایەتی خەون و رۆئیایەکی زۆر مەزن بۆ رۆژهەڵاتی ناوینی خنکاو لە ئایدیۆلۆژیا و زەینیەتە داخراوەکانی تێدا بکات، رۆژاوا ئەوڕۆ خەونی ئازادی ئەو مرۆڤە ئازادی و رزگاری خۆازانەیە کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پاراستنی دەدەن و بۆی تێ دەکۆشن.
هیوادارم لە باتی ئەو حوکم و بڕیارە بێ پایە و ئەساسانەی کە لەو بە ناو وتووێژە دراوە هەوڵی ورد بوونەوە و لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی بەرهەم و دەقە هزری و رۆشنبیرییەکانی ئەو حەرەکەتە بدرێت بۆ ئەوەی بە وژدانێکی ئاسوودە و تەندروستتر لە ئەزموونی خەبات و بەرخۆدانی رۆژاوا بڕواندرێت و دەرگایەکی وەها گەورە بەڕوی رۆح و زەینت دا بکرێتەوە کە ئەو زەینیتەی ئێستا تێ پەڕێنیت و بە رەخنە و پیشنیاری وژدانی و دروست یارمەتی دەر بیت بۆ سەرکەوتنی زیاتری ئەو بزاڤ و جوڵانەوە هزری و فەلسەفییە رزگاری خۆازانەیە.