پلاتفۆرمی یارسان: پشتیوانی دەکەین لە هونەرمەند رووبار رەشید

پشتیوانی دەکەین لە هونەرمەند خاتوو رووبار رەشید
ئەگەر ژن نەبێت نە ژیان هەیە و نەیش ئازادی!

هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو هێرش بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی یارسانییەکان “کاکەیی” لە پارێزگای دیالە و کەرکووک لە لایەن تیرۆریستان ڕووی لە زیادبوون کردوە و تا ئێستا چەندن هاوڵاتیمان لەو ناوچانە گیانیان بەخت بووە. ئەگەر هەتا دوێنی و لە گەڵ سەرهەڵدانی داعش ژیانی کۆمەڵگەی کاکەیی لە ناوچە کێشەلەسەرکان لە گەڵ هێرش و هەڕەشە رووبەڕوو دەبووەوە، خەڵکی ناوچەکە لەوە دڵنیا بوون کە ئەو هێرشانە لە لایەن داعشەوە ئەنجام دەدرێت ، بەڵام ئێستا داعش هێز و توانایی جارانی نەماوە و کەس ناتوانێ لەوەی دڵنیا بێت کە دەستی کێ لە پشتی ئەم هێرشانەیە و بە چ مەبەستێک ئەنجام دەدرێت.

شک لەوەدا نییە کە گیانی کۆمەڵگەی کاکەیی ئێستا لە گشت کات زۆتر کەوتوەتە مەترسی و میدیای ناوچەیی و جەهانیش هیچ گرنگی بە ئەم ڕەوشە نادەن، بۆیە لە ڕەوشێکی وەها دا ئەرکی سەرشانی هەموو کەسایەتییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە دەنگی خۆیان بگەێننە کاربەدەسانی هەرێم کوردستان ، عێراق  و جەهان . هاوکات ژنانی کۆمەڵگەی کاکەیی وەک هاووڵاتییانی دیکەی کۆمەڵگەی کوردستان خاوەن ماف و ئەرکن لە ژیانی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان و پێویستە لە هەموو جۆرە ئامرازێک کەڵک وەربگرن بۆ گەیاندنی دەنگی کۆمەڵگەی کاکەیی بە دونیا.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو ژنە هونەرمەندی یارسانی لە کۆمەڵگەی کاکەیی خاتوو “ڕووبار ڕەشید ” گۆرانیەکی بە زاراوەی کوردی ماچوو “گۆرانی” لە بارەی کوشتاری دژە بەشەریی خەڵکی کاکەیی لە لایەن خوێنمژانی وابەستە بە زل هێزەکان پێشکەش کرد . ئەم خانمە هونەرمەندە ئامانجی ئەوە بووە لە ڕێگای ئەم کۆرانییەوە زوڵم و زۆرداری دژ بە پێرەوانی ئایینی یاری و خەڵکەکەمان بە ئاگاداری جەهان بگەێنێت.

بە داخەوە کەسانێک کە خۆیان هیچ هەنگاوێکی کرداری و کۆمەڵایەتیان هەڵنەگردوە و هەست بە بەرپرسیاریەتی ناکەن ، دەستیان کردوە بە بێڕێزی بەم خانمە هونەرمەندە. لەوە خراپتر ئەوەیە کە ئەو کەسانە تەنانەت بێڕێزیشیان بە باوەڕیەکانی ئایین یاری کردوە. مێژووی دین و ئایینەکان و تەنانەت ئایین یاریش ئەوەی  نیشانی داوە کە زۆر جار کەسانێک لە کاتی شەڕەکاندا خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی ئایینەکان زانیوە، بەڵام وەک خیانەتکار خیانەتیان لە دین و ئایینی خۆیان کردووە.

لە چەند دەهەی ڕابردوو کە دیسکۆرسی تازە هاتووەتە نێو کۆمەڵگەی یارسان و ئەم کۆمەڵگایە لە شەڕەکان بێبەری نەبووە و کەسانێک پەیدا بوون کە لە ژێر ناوی پارێزگاری دین و ئایین بە پاچ لە ڕیشەی ئایینی یاری دەدەن. ئیمە باش دەزانین لە کەڵامەکانی ئایینی یاریدا بە جوانی ئاماژە بە مافی یەکسانی ژنان و پیاوان کراوە ، بۆیە لەو باوەڕەداین ئەو کەسانەی پێچەوانەی کەڵامەکانی یاری  بانگەشە دەکەن، لە ژێر کاریگەری ئایینی دیکە ئەم کارە دەکەن ، یان دەیانەوێ دیاردەی پیاوسالاری لە گەڵ کەڵامەکانی ئایینی یاری تێکەڵ بکەن و ناتوانن ئەو دووانە لە یەکدی جیا بکەنەوە.

ئێمە وەک پلاتفۆرمی یارسان لە چالاکی هونەری هونەرمەندانی یارسانی بە تایبەت خاتوو ڕووبار ڕەشید پشتیوانی دەکەین و وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی یارسان دەنگیی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ژنانی کاکەیی. ژنانی کاکەیی لە لایەک کەوتوونەتە بەر گوشاری بناژووخوازانی ئایینی و زوڵم و زۆری دەوڵەتان و لە لایەکی دیکەوە کەسانێک پێچەوانی ئایینی یاری دەیانەوێ بیانخەنە پەراوێزەوە و لە مافی  بەشدارییان لە کاروباری کۆمەڵگە بێبەشیان بکەن.  شکاندنی بێدەنگی دژ بە گرووپە ترۆریستەکان ، هەم ماف و هەمیش ئەرکی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە . هونەرمەند ڕووبار ڕەشید لە بەرانبەری زاراوەی گۆرانی “ماچوو” کە زمانی ژیان و شارستانیەتی گۆرانە هەستی بە بەرپرسایەتی کردوە و هەنگاوی هێز داوە. ئێمە لە ئەو کەسانەی هێشتا گوێیان بە دەنگی ژنانی یارسانی ڕانەهاتووە داوا دەکەیم  کە” لاوە لاوەی” دایکیی خۆیان بە بیر بهێننەوە و  ئەوە باش بزانن کە بە بێ دەنگی ژن و بەشداری ژن لە کێشە سیاسی و کۆمەڵاتییەکانی جیهان ، ژیان وەک تاریکسانی ژێر دەسڵاتی داعشی لێدێت ، ژیانێکی ئاوا لە گەڵ باوەڕەکانی یاری و دونیای پڕ لە نوور ، دەنگی مرۆڤایەتی ، خوڕەی ئاو و دەنگی تەمبوور ناتەبایە. ئەگەر بە باشی چاوێک لە مێژووی ژنانی یارسانی بکەین ، بۆمان دەردەکەوێ کە لەم کۆمەڵگە لە هیچ کات و زەمانێک ڕۆڵی ژنان پشتگوێ نەخراوە و ژنان خاوەنی دەنگ و جێگای شیاوی خۆیان بوون. باشتر وایە دیاردەی پیاوسالاری پەیوەند نەدرێ بە ئایینی یارییەوە و ئەوە بزانن کە ئەگەر ژن نەبێت نە ژیان هەیە و نەیش ئازادی.

پلاتفۆرمی یارسان

بەیاننامەی پشتیوانی لە هونەرمەن رووبار رەشید وە شیوەزار کوردی باشووری/خوارین
https://www.yarsan.info/?p=926

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *